خۆشی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خودا

كانونی یه‌كه‌م 26, 2025

لوقا ٢: ٢٩-٣٢

خۆشی ڕاستەقینە لە ناسینەوە و قبوڵکردنی مەسیحدایە وەک ڕووناکی ڕزگاربوون. ئەم شادییە گشتگیرە و هەموو گەلان دەگرێتەوە.
ژیانمان پڕە لە چاوەڕوانی. ئێمە چاوەڕێی هەموو جۆرە شتێک دەکەین- لە شتە ڕۆژانەکانی وەک چاوەڕوانی لە ڕیزدا، تا شتە گەورەکانی وەک چاکبوونەوە، ڕزگاربوون لە کێشەکان، یان بەدیهێنانی ئاواتێک. بەڵام یەکێک لە سەختترین لایەنەکانی چاوەڕوانی متمانەکردنە بە بەڵێنەکانی خودایە لە کاتێکدا هیچ نیشانەیەک نابینین کە بەڵێنەکانی جێبەجێ ببن. لە هەلومەرجێکی وادا، ئایا ئێمە بە وەفا دەمێنینەوە بۆ بەڵێنەکانی خودا و بە شادی دەژین؟
لە بەشی دووەمدا لوقا لەدایکبوونی عیسا و خەتەنەکردنی لە ڕۆژی هەشتەمدا و پێشکەشکردنی بۆ خودا بەپێی یاسای موسا دەناسێنێت. لەم چیرۆکەدا کارەکتەرە سەرەکییەکانی وەک شیمۆن و ئانا کە هەردووکیان ساڵانێک بوو چاوەڕێی هاتنی ڕزگارکەر بوون، دەردەکەون. ڕووبەڕووبوونەوەی شیمۆن لەگەڵ عیسا لە پەرستگای ئۆرشەلیم ساتێکی خۆشی و ئارامی بێئەندازە بوو، وەک چۆن ڕزگاری خودای بە چاوی خۆی بینی. لە نوێژدا بە خودای وت: «ئەی یەزدانی باڵادەست، ئێستا بەگوێرەی قسەکەت بەندەی خۆت بە ئاشتی بەڕێبکە٢٩. ئەوا چاوم ڕزگاریی تۆی بینی٣٠، ئەوەی لەبەردەم هەموو گەلان ئامادەت کردووە٣١، هەتا ببێتە ڕووناکی بۆ ئاشکراکردنی سروشی تۆ بۆ نەتەوەکان و ببێتە مایەی شکۆمەندی بۆ ئیسرائیلی گەلەکەت٣٢.» (لووقا ٢ :٢٩-٣٢)
ئەم قسانە نیشان دەدەن کە خۆشی ڕاستەقینە لە یەک‌بوون ڵەگەڵ مەسیحدا، ڕزگارکەری بەڵێندراودا دەدۆزرێتەوە. با بزانین ئەم ڕاستییە چۆن کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەمان هەیە.

بەڵێنەکانی خودا دوادەخرێن، بەڵام هەرگیز شکست ناهێنن.
شیمۆن ساڵانێک چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنی خودا بوو. لەوانەیە لەم ماوەیەدا ڕووبەڕووی گومان بووبێتەوە، بەڵام بڕوای خۆی پاراست. لە کۆتاییدا لە کاتی گونجاودا خودا بردییە پەرستگا بۆ بینینی عیسا.
ڕەنگە تۆش نزات کردبێت بۆ ئەوەی بەڵێنێک لە ژیانتدا جێبەجێ بکرێت. ڕەنگە چاوەڕێی ئەوە بیت کە گۆڕانکارییەک لە خێزانەکەتدا، لە پیشەکەتدا، یان تەنانەت لە خۆتدا ببینیت. لە ساتەکانی وەک ئەمانەدا، دەبێت باوەڕمان بەم ڕاستییە هەبێت: “با بێ ڕاڕایی دەستبگرین بە دانپێدانانی هیوامان، چونکە ئەوەی بەڵێنی پێمان داوە جێی متمانەیە.” (عیبرانییەکان ١٠ :٢٣)
خودا بەڵێنەکانی لەبیر ناکات، بەڵکو لە کاتی گونجاودا جێبەجێی دەکات. ئەم ڕاستییە نەک هەر هیوامان پێدەبەخشێت، بەڵکو بەرەو خۆشییەکی بەردەوامیشمان دەبات، دەزانین کە دەستی خودا لە کاردایە، تەنانەت ئەگەر هێشتا جێبەجێکردنی بەڵێنەکەش نەبینین.

باوەڕ بە چاوەڕوانی، خۆشی دەهێنێت
هەندێک جار مرۆڤەکان وا بیردەکەنەوە کە بەختەوەری ڕاستەقینە لە گەیشتن بە ئامانجە مادییەکان، سەرکەوتنە دونیاییەکان، یان باشتربوونی بارودۆخی ژیاندایە. بەڵام شیمۆن نیشانمان دەدات کە خۆشی ڕاستەقینە لە ناسینی مەسیح و متمانەکردن بە خودادا دەبینرێت. ئەو لەو کاتانەدا لە باوەڕدا مایەوە کە ڕەنگە کەسانی دیکە بێهیوا بوون، ئەنجامەکەی ئەزموونی خۆشییەکی زۆر بوو لە ناسینی ڕزگارکەردا.
هەروەها پۆڵۆسی نێردراوی خودا ئەم ڕاستییە لە ڕۆما ٨ :٢٥ دەردەبڕێت: “بەڵام ئەگەر هیوای شتێک بخوازین کە بینراو نییە، ئەوا بە دانبەخۆداگرتنەوە چاوەڕێی دەکەین.”
کاتێک فێر دەبین وەک شیمۆن بە هیوا و باوەڕەوە لە چاوەڕوانی خودادا بژین، چیتر دڵخۆشیمان پەیوەست نابێت بە بارودۆخی دەرەکییەوە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە پەیوەندیمان لەگەڵ خودادا دەبێت.

وەفاداری خودا لە ڕابردوودا، هیوایە بۆ داهاتوو
خودا بە درێژایی مێژوو وەفادار بووە بە بەڵێنەکانی. ئیبراهیم ساڵانێک چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنی منداڵ بوو. یوسف لە ساڵانی دیلێتی و زیندانیکردنیدا متمانەی بە خودا هەبوو. داود ساڵانێکی زۆر لە بیابانەکاندا سەرگەردان بوو پێش ئەوەی ببێتە پاشا. بەڵام لە کۆتاییدا خودا هەموو بەڵێنێکی جێبەجێ کرد کە دابووی.
ئەلستەر مەکگراس لە کتێبی تێگەیشتن لە کتێبی پیرۆزدا دەنووسێت: “خۆشی مەسیحی لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە خودا دڵسۆزە بۆ بەڵێنەکانی و ئەو ڕزگاربوونەی کە لە مەسیحدا دابینی کردووە شتێک نییە کە بارودۆخی جیهان بتوانێت لەناوی ببات”. (مەکگراس، ٢٠١٨، لاپەرەی ٢١٤) ئەگەر خودا لە ڕابردوودا دڵسۆز بووە، ئەوا بۆچی نابێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە لە داهاتوودا بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە؟ کاتێک سەیری کارەکانی ڕابردووی خودا دەکەین، دەتوانین متمانەمان پێی هەبێت لە ئێستا و داهاتوودا.

چاوەڕوانی بە باوەرەوە
لە مێژووی کوردستاندا ساڵانێکی زۆرە مرۆڤەکان لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن. شەڕ و فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان و چاوەڕوانی ئازادی هەمیشە بەشێک بووە لە ئەزموونی ئەو کەسانە. بەڵام زۆرێک لە باوەڕدارانی کورد شایەتی ئەوە دەدەن کە چۆن باوەرەکەیان لە سەختترین کاتەکاندا بەرگەی گرتووە.
یەکێک لەو باوەڕدارانە کە ساڵانێک بوو دیل بوو، دوای ئازادکردنی وتی: نەمدەزانی کەی خودا ئازادم دەکات، بەڵام دڵنیا بووم کە دڵسۆزە. هەموو ڕۆژێک بەو هیوایەی ڕۆژێک خودا ڕزگارم بکات لە خەو هەڵدەستام و کە ئەو ڕۆژە هات، خۆشیم وەسف نەدەکرا.
شیمۆنیش ئەزموونێکی هاوشێوەی هەبوو. لە ساڵانی چاوەڕوانیدا باوەری لەدەست نەدا و لە کۆتاییدا خۆشییەکەی تەواو بوو. ئەم نموونەیە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە خودا بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات، تەنانەت ئەگەر هێشتا نەمانبینیبێت.
لە دەرەنجامدا لەوە تێ دەگەین کە متمانەکردن بە خودا کلیلی بەختەوەری ڕاستەقینەیە.
خۆشی شیمۆن لەو ڕاستییەوە بوو کە بەڵێنی خودای بینیبوو. ئەم خۆشییە وابەستەی بارودۆخ نەبووە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە باوەڕبوون بە خودایەکی دڵسۆزدا هەبووە. ئەمڕۆ ئێمەش بانگهێشت کراوین کە متمانەمان بە بەڵێنەکانی خودا هەبێت لەناو تەحەددیاتەکاندا.

پرسیارێک بۆ تێڕامان و وردبوونەوە
ئایا چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خوداین؟ ئایا ئێمەش وەک شیمون باوەڕمان هەیە کە خودا لە کاتی خۆیدا مامەڵە دەکات؟ ئایا ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ خودا بە زیندووی دەهێڵینەوە لەکاتێکدا چاوەڕێین؟
دەتوانین دڵنیا بین کە ئەگەر وەک شیمۆن بژین- چاوەڕوانی، باوەڕکردن و نوێژکردن- ڕۆژێک دێت کە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خودا دەبینین. وە لەو ڕۆژەدا خۆشیمان بێ سنوور دەبێت.
نزا: خودای دڵسۆز کە بەڵێنت دا و لە کاتی خۆیدا جێبەجێت کرد، یارمەتیدەرمان بە بۆ ئەوەی متمانەمان بە بەڵێنەکانت هەبێت، وەک شیمۆن. شادیمان ڕەگ و ڕیشەی لە ناسینی تۆدا بێت نەک لە هەلومەرجی دونیادا. لە ڕووناکی خۆتدا ڕێبەرایەتیمان بکە تا ڕزگاری تۆ بۆ ئەوانی تر بدرەوشێنینەوە. چاومان بکەرەوە بۆ بینینی تۆ و دڵمان پڕ بکە بۆ ئەوەی لە ئامادەبوونی تۆدا خۆشی ڕاستەقینە ئەزموون بکەین. بەناوی باوک و کور و رۆحی پیرۆز ئامین.

لەگەڵ هاوڕێکانت هاوبەشی بکە:

فەیسبوک
ئێکس
لینکێدئین
واتساپ
تێلێگرام

ئەم بابەتانەش ببینە:

خۆشەویستی بۆ خودا

مەبەست لەم وتارە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی خۆشەویستی، لەسەر بنەمای فێرکارییەکانی کتێبی پیرۆز، تەنها ناوەند و جەوهەری باوەڕی مەسیحی نییە، بەڵکو هێزێکی گۆڕانکارییە لە پەیوەندییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکاندا و ڕێگایەکە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئاشتی لە جیهانی هاوچەرخ.

درێژەی بابەتەکە»

پابەند بوون بە کڵێسا

هاندانی گوێگران بۆ بیرکردنەوە لە گرنگیی کڵێسا، تێگەیشتن لە ناسنامەی کۆمەڵەیی باوەڕداران وەک جەستەی مەسیح، و بانگهێشتکردن بۆ بەشدارییەکی دڵسۆزانە، ڕێکخراو و پڕ لە خۆشەویستی لە کڵێسای ناوخۆییدا، لەسەر بنەمای فێرکارییەکانی کتێبی پیرۆز.

درێژەی بابەتەکە»

” یەکگرتوویی و یەکڕیزی: بناغە بۆ باوەڕ و ژیانی مەسیحی”

یەکگرتوویی و تەبایی نێوان باوەڕداران گرنگە چونکە جەستەی مەسیح لەسەر خۆشەویستی و هاوکاری بنیات نراوە. کاتێک باوەڕداران یەکدەگرن، باوەری یەکتر بەهێزتر دەبێت، ئەوان شایەتحاڵی زیندوون بۆ خۆشەویستی خودا بۆ ئەوانی تر، و دەتوانن باشتر بەشداری لە خزمەت و ئەرکی کڵێسادا بکەن. جیابوونەوە و دابەشبوون لاوازی ڕۆحی و کەمبوونەوەی کاریگەری دەهێنێت، بەڵام یەکێتی ئاسایش و گەشەکردنی ڕۆحی و شکۆمەندی خودا دەهێنێت.

درێژەی بابەتەکە»

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *